شاعیر: لوتفی
کتێب: دیوانی لوتفی
سەرناو: تیری غەمزەی وا لە ناوی جەرگی مندا کاری کرد

تیری غەمزەی وا لە ناوی جەرگی مندا کاری کرد
ھەر وەکوو دوژمن لە پڕ دەستی وەشان و غاری کرد

خەرمەنی عومری عەزیزم وا سووتانی بێ ئەمەل
بەختی عەقڵ و ھۆشی تێک دا ڕوو لەسەحرا تاری کرد

مالیکی موڵک و عەقڵ بوو حاکمی ئەنکاری خۆی
ھەر بە یەک لەحزە لە ناکاو بە بەڵا دووچاری کرد

وا لەناو تۆفانی غەم زستانی ساردە بە خەفەت
گیر و پابەندم ئەمن ئەو عەزمی ڕوی گوڵزاری کرد

ھەر وەکوو شیرین لە ڕەشماڵ ڕوو لە ئاوی ئەڵوەنە
بێ خەبەر لە دەردی فەرھاد فیکری نەوبەھاری کرد

چۆن لەناکاو غەمزەکەت ڕێکەوت و دای لە جەرگەکەم
دڵ بە میحنەت دائیمە ھەر شیوەن و ھاواری کرد

لوتفی یاری تازە ڕۆیی تۆ بەجێ مای ئەی ھەژار
ھەر وەکوو بولبول لە بەندا مەیلی سەر کۆساری کرد